کۆبوونەوەیەکى تایبەت بۆ یادى (٥)ى ئازار بەرێوە چوو

1 ساڵ لەمەوپێشجۆرار و جۆر
هاوبەشیکردن بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ڕۆژى چوارشەممە (١/٣/٢٠٢٣) کاتژمێر (١١)ى پێش نیوەڕۆ بەڕێز (هیوا قەرەنى)سەرپەرشتیارى ئیدارەى سەربەخۆى ڕاپەڕین بە ئامادەبوونى قائمقامى قەزاى ڕانیە سەرپەرشتى کۆبوونەوەکى تایبەتیان کرد لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانى دەڤەرەکە.
کۆبوونەوەکە تایبەت و تەرخانکرابوو بۆ چۆنیەتی پێشوازی (٥)ی ئازار ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی ڕانیە و شارو شارۆچکەکانی ناوچەکەمان و ئامادەسازی و خۆسازدان بۆ بەرزو پیرۆز راگرتنی ئەم یادە لەلایەن لایەنە سیاسیەکان و دامودەزگا حکومیەکان و جەماوەری ناوچەکە .
لە کۆبونەوەکەدا بەهاو قودسیەتی ئەم ڕۆژە مێژووییە کە خاڵی وەچەرخانێکی گەورەو جەوهەریە لە مێژووی دوورو نزیکی گەلەکەماندا و ماکی تێکرای دەستکەوتەکانی ئەمڕۆیە لە ئازادی دامودەزگا شەرعی و فەرمیەکانی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەراپای ئەو پێشکەوتن و گەشەسەندنەی لە پرۆسەی بنیاتنانەوەی وڵاتدا بەدی هاتووە ، جەختی لێکرایەوە بەرزو بەڕێز ڕاگرتنی ئەم ڕۆژە وەک ئەرکێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی لەقەڵم درا.
هەروەک ئاماژە بەوە درا وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین ، تاکە بەرنامە فیستیسڤاڵى زانکۆیەو لە مۆنۆمێنتی شەهیدانی راپەڕینیش پێشوازی لە سەرجەم کەسایەتی و بەرپرسانی حزبی و حکومی و دامودەزگا دەستوریەکان دەکرێت و دەتوانن پەپکە گوڵی ڕێزلێنانی خۆیان دابنێن ، هەروەک ئازادی خزب و لایەنە سیاسیەکان بەوە ڕێکخستنی کۆڕو کۆبونەوەی جەماوەری سیمینارو هەر چەشنە چالاکیەکی رۆشنبیری و هونەری بۆ رێزگرتن لەم رۆژە دووپات کرایەوە.
لە تەوەرێکی تردا ئامادەبووان ئەم بانگهێشتەی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینیان بە خاڵێکی ئەرێنی وسفکرد و هەموو لایەک هیوایان خواست کە بەم گیان و تین و تاوە کاربکرێت تا هەموو لایەک بتوانن هەماهەنگر هاوکاری تەواو بکەن ، لەم چوارچێوەیەدا بڕیاردرا ئەم دیدارو کۆبونەوانەی نێوان ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و لایەنە سیاسیەکان درێژەیان هەبێت هەوڵبدرێت بە شێوازی ( وەرزی ) ئەنجام بدرێت ، تیایدا وێڕای بەرپرسی یەکەمی ئەم ناوچەیەى لایەنە سیاسیەکان و ئەندامانی ئەنجومەنەکان و یەکە کارگێڕیەکان و پەرلەمانتاران و بەڕێوەبەری فەرمانگەکانیش ئامادە بن تا (مانیفێست)ى خزمەتى خەڵکى سنورى ئیدارەى ڕاپەڕین بە هەماهەنگى هەموان بنوسرێتەوە ئەمەش بە لە چاوگرتنى ئەم ڕاستیە نکۆڵى لێنەکراوەى کە خەڵکى ئەم ناوچەیە لە ساڵى ١٩٦١ وە تا ئەمڕۆ بێ پسانەوە زۆرترین ڕەنج و قوربانیان داوە و بۆیەش ئیتر کاتى ئەوە هاتووە پاداشتیان بدرێتەوە و چیتر پەراوێز نەخرێن.

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *