لە ٤٦ هەمین ساڵیادی تاوانی بۆردوومان و راپەرینی قەلادزێ و رۆژی شەهیدی زانکۆ، ۲٤-٤-۱۹۷٤ دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەم کارەساتە و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری گەلەکەما
لە ٤٦ هەمین ساڵیادی تاوانی بۆردومان و راپەرینی قەلادزێ و رۆژی شەهیدی زانکۆ، ۲٤-٤-۱۹۷٤ سەری ڕێز و نەوازش لە بەردەم گڵکۆی شەهیدانی ئەم کارەساتە و تەواوی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری گەلەکەمان دادەنەوێنین و سڵاو دەنێرین بۆ کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان
دیارە ٤/۲٤ بەتەنها یادی کارەسات و مەرگەساتی قەڵادزێ نیە، لەم ڕۆژەدا و تێی دا ڕژێمی بەعس ساڵی ۱۹۷٤ بە چەکی قەدەغەکراو بۆمبابارانی شاری قەڵادزێی کرد و بەدەیان هاوڵاتی بێ گوناح لە ناویان مامۆستا و خوێندکار شەهید و برینداربوون و بەشێکی شارەکەشی خاپوور کرد، ئەمە وایکرد ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی زانکۆ بناسرێت.
لەهەمان کاتدا ئەم ڕۆژە یادی ڕاپەڕین و خۆپیشاندانێکی گەورەی ئەو شارەیە بەرەو ڕووی زووڵمی بەعسیەکان وەستانەوە،
لەهەمان کاتدا لە ۱۹٨۲/٤/۲٤ دانیشتوانی ئەم شارە بەمەبەستی یادکردنەوەی ئەم کارەساتە خۆپیشاندانیان ئەنجام دا و ڕژێمی بەعسیش وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی کەوتە سەرکووت کردنیان و لە ئەنجامی دەست ڕێژی گولە دوو هاوڵاتی شەهید بوون بەناوەکانی( دایکە ئامینە و مامۆستا سنەوبەر )، وە چەندین هاوڵاتی تریش برینداربوون.
جێی ئاماژەیە ساڵانە لەم ڕۆژەدا بۆ بەرز ڕاگرتنی ئەم مەرگەساتە ڕێوڕەسمی تایبەت بەڕێوەدەچوو، جێی داخە ئەمساڵ بەهۆی ئەم بارودۆخە نەخوازراوە و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا کە ڕووی کردۆتە تەواوی دوونیا و هەرێمی کوردستان، نەتوانرا وەک پێویست ئەم یادە بەرز ڕابگیرێت و مەراسمی شایستە بە گەورەیی قوربانیانی ئەم ڕۆژە ڕێک بخرێت
دووبارە سەری ڕێز لەبەردەم گڵکۆی شەهیدان دادەنەوێنین و ئومێدەوارین بتوانین ئاوڕی زیاتر لەکەس و سەربەرزی شەهیدان بدەینەوە و لە داهاتوودا خزمەتی زیاتری شاری قەڵادزێ و دانیشتوانەکەی بکەین.