ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٤\١\٢٠٢٣ بە ئامادەبوونی هیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و پەیمان رەمەزان سەرۆکی زانکۆی راپەڕین و چالاکی موهەندیس بریکاری وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار و جێگرانی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و قائیمقامی قەزای ڕانیە و پشدەر و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتیەکان و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیەکانی ڕاپەڕین و ئەندازیاران و هاوڵاتیانی سنورەکە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانیەکانی راپەڕین ۆرکشۆپی گەشەپێدانی نەخشەی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین ئەنجامدا وەک پێشکەوتووترین نەخشەی دیجیتاڵی لە ئاستی کوردستان و عێراق ئەنجامدا.
سەرەتا وتەی بەخێرهێنان لەلایەن ئاوارە کوێخا عەلی بەڕێوبەری گشتی شارەوانیەکانی راپەڕین پێشکەش بە ئامادەبووان کرا، دواتر لە چەند پانێڵێکدا باس لە گەشەپێدانی نەخشەی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین کرا کە پێکهاتبوون لە ڕێکخستنەوەی کاری رووپێوی و بەرزکردنەوەی دیقەی کاری رووپێوی و ئەنجامدانی رووپێوی بۆ تەواوی سنوری ٩ شارەوانی سنورەکە لەگەڵ رووپێوی هەوایی بە درۆن بۆ ٤ شارەوانی ، هەروەها کاری (As build drawing) بۆ چەندین پڕۆژە کراوە و چەندین نەخشەو زانیاری کراوەتە نەخشەی GIS ، هەروەها ناو بۆ سەرجەم شەقام و کۆڵانەکانی شارەوانیەکانی سنوری راپەڕین داندراوە کە زیاتر لە ٣٠٠٠ ناوە .
لە بابەتێکی تری گەشەپێدانی نەخشەی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بریتیە لە (Google street view) کە ئێستا بە تەواوی وەک یەکەم شوێن لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە سەرجەم کۆڵانەکان و ڕێگاکانی سنورەکە بەردەستە و هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتووی دوونیا پڕۆژەکە جێبەجێ کراوە، هەروەها ناونیشان و پۆست کۆد بۆ ماڵەکان بۆ یەکێک لە گەڕەکەکانی ڕانیە جێبەجێ کراوە کە پێویستە لە سەرجەم کوردستان جێبەجێ بکرێت.
ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین
