گەنجێکی تەمەن 20 ساڵی گوندی قەرەنی ئاغای سەر بە قەزای ڕانیە داهێنانێکی گرنگ لە بواری هاتوچۆدا دەکات و ئامێرێک دروستدەکات کە لە توانایدا هەیە لە دووری 200 مەترەوە شۆفێر ئاگاداربکاتەوە لە بوونی رووداوی هاتوچۆی سەر رێگاکە و بوونی تاسە و پێچ و پچڕانی ڕێگا.
رەوا مامە، کە داهێنەری ئەو ئامێرەیە ڕایگەیاند، لە چەند کەلوپەلێکی سادە و بەسود وەرگرتن لە پارچەی کۆنی ئامێری سی دی و دیڤیدی و رادیۆ توانیویەتی ئامێرێک دروستبکات بۆ بواری هاتوچۆ، ئامێرەکەش بەکارهێنانی ئاسانە و تەنیا پشت بە شەپۆلەکانی رادیۆی پەخشی FM دەبەستێت.
وتیشی، ئامێرەکە بریتیە لە ئامێری ئاگادارکردنەوەی شۆفێران لەسەر ڕێگاکان کە لەسەر شەپۆلی FM کاردەکات، کارکردنی ئامێرەکە بە جۆرێکە کە لە دووری 200 مەترەوە بەهەر سێ زمانی کوردی و ئینگلیزی و عەرەبی شۆفێر ئاگاداردەکاتەوە لە بوونی رووداوی هاتوچۆ، تاسە، پێچکردنەوە و پچڕانی رێگا.
داهێنەرەکە باسی لەوەشکرد، ئامێرەکە پێویستی بە هیچ جۆرە ئامێرێکی مۆبایل و ئەپلیکەیشنێک نیە بۆ کارکردنی بەڵکو شۆفێران دەتوانن لە رێگەی ڕادیۆی ناو ئۆتۆمبێلەکانیان سود لەو خزمەتگوزارییە وەربگرن، لەو رێگەیەوە شۆفێران ئاگاداری وردەکاری مەودای 200 مەتری پێش خۆیانەوە دەبن.
رەوا مامە راشیگەیاند، لەئێستادا لە رێگەی تاوەرێکی بچوکەوە لە ماڵەکەی خۆیدا ئەو خزمەتگوزارییەی کاراکردوە و شۆفێرانی سەر رێگەی گوندەکەی سودی لێوەردەگرن.
داهێنانەکەشی بەناوی (ڕەوا ترافیک)ەوە ناوناوە
ڕەوای تەمەن 20 ساڵ داواکارە کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت هاوکاری بکەن بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم خزمەتگوزارییە بۆ سەرجەم رێگا گشتییەکانی ناوچەکانی هەرێم لەپێناو کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆدا.
سەرچاوە.. سایتی دواڕۆژ